كۆنفرانسێك بۆ بەرەنگاربونەوەی خەتەنەكردن بەڕێوە چوو
رێكخراوەكان داوای جێبەجێكردنی یاسایی ژمارە 8 دەكەن و لیژنەی ئافرەتانیش دەڵێت هەموو هەوڵەكانمان دەخەینەگەر بۆ جێبەجێكردنی

08/02/2015 04:16:00 م
سەرۆكی لیژنەی داكۆكیار لە مافی ئافرەتانی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت رۆژی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەكردنی مێینە لەسەرتاسەری جیهان رۆژێكی گرنگە بۆ ئافرەتان بەگشتی بۆ بەدیهێنانی مافەكانیان و  نەهێشتنی ئەو دیاردەیە ، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش دەڵێت:  كۆمەڵگای بەختەوەر بەوەدەست پێدەكات كە مافەكانی ژنانی تێدا دەستەبەر بكرێت ، نەهێشتنی خەتەنەكردنی مێینەش یەكێكە لە ئامانجە گەورەكانی ژنانی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان   .
ئێڤار ئیبڕاهیم سەرۆكی  لیژنەی داكۆكیكار لە مافی ئافرەتانی پەرلەمانی كوردستان لە میانی وتەیەكیدا ڕایگەیاند : خەتەنەكردن تاوانێكی قێزەونە بەرامبەر بە روح و جەستەی ئافرەتان دەكرێت و بەداخەوە بوە بە كلتور و دیاردە ، پەرلەمانی كوردستانیش لە خولی سێیەمدا هەنگاوێگی گرنگ و گەورەی هاویشتوە بۆ سفركردنەوە دیاردەكە ئەویش بە دانانی یاسایی ژمارە 8 ی توندوتیژی خێزانی لە ساڵی 2011 دا .
 ئاماژەی بەوەشدا : وەكو لیژنەی داكۆكیكار لە مافی ئافرەتان لەم خولەدا هەموو هەوڵەكانی خۆمان دەخەینەگەر بۆ ئەوەی كۆی گشتی یاساكە جێبەجێ بكرێت ، جێگەی شانازیشە كە لەسەر ئاستی قارەی ئاسیا یەكەم وڵاتین كە یاساییەكی لەو جۆرە دەربكرێت ، بۆیە پێویستە هەموو لایەك لە زانایانی ئاینی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و لایەنەپەیوەندیدارەكانی حكومەت تایبەت بە پرسی ژنان و چالاكان كاری جدی بكەین بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە لە هەرێمی كوردستان .
دوای ئەو وتانەی سەرۆكی لیژنەكەی پەرلەمان وتەی هەریەك لە یونسێڤ و ئەنجومەنی باڵای خانمان و كۆنسوڵخانەی ئیتاڵی و وتەی رێكخراوی وادی و 6 لەو رێكخراوانەی لەو بوارەدا كاردەكەن پێشكەش كرا ، لە وتەكانیاندا هەموان لەسەر ئەوە كۆكبون كە پێكەوە كاربكەن بۆ وەستاندنی خەتەنەكردنی مێینە لە كوردستاندا لە رێگەی هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا و جێبەجێكردنی یاسا بۆ بنبڕكردنی .
دواتر دكتۆر جەعفەر ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە وتەیەكیدا رایگەیاند :  كۆمەڵگای بەختەوەر بەوەدەست پێدەكات كە مافەكانی ژنانی تێدا دەستەبەر بكرێت ، نەهێشتنی خەتەنەكردنی مێینەش یەكێكە لە ئامانجە گەورەكانی ژنانی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان .
 وتی : ئەو ئامانجانەی كە ژنان هەیانە قورسن بەتایبەتی بابەتی خەتەنەكردن لە كۆمەڵگای كوردی ، بەڵام مادام یاسایەكمان هەیە چارەسەركردنی ئاسان دەبێت ، بۆیە دەبێت هەموومان پێكەوە هەماهەنگ بین بۆ بەرەنگاربونەوەی و نەهێشتنی ئەو دیاردەیە و هەموو دیاردەكانی تر كە لەبەرامبەر ئافرەتان ئەنجامدەدرێت .
جێگەی ئاماژەیە لە 6 ی فبرایەر لەلایەن لیژنەی وڵاتە ئەفریقیەكان و لە ساڵی 2003  لە نەیجیریا كۆنفرانسێك رێكخرا بۆ روبەڕوبونەوەی شێواندنی كۆئەندامی زاوزێی مێینە لە جیهاندا ، بە هەماهەنگی نوێنەرانی رێكخراوە جیهانیەكان و نەتەوەیەكگرتوەكان بڕیاردرا 6 ی فیبرایەری هەمووساڵێك تەرخانبكرێت وەك ڕۆژێكی جیهانی بۆ روبەڕووبونەوەی خەتەنەكردنی مێینە ، دواتر لەلایەن لیژنەی مافی مرۆڤەوە لە نەتەوەیەكگرتوەكان بەفەڕمی ئەو ڕۆژە دیاریكرا .
خەتەنەكردنی مێینەش بەشێوەیەكی بەرفراوان لە هەرێكی كوردستانی عێراقدا  دەكرێت  لە زۆربەی دانیشتوانەكەی مسوڵمانن، لە كوردستانیش بە رێژەی لەسەدا چل دەبێت و لە هەندێك ناوچەش دەگاتە لەسەدا 70 بەتایبەت ناوچە گوند نشینەكان لە ساڵی 2011 پەرلەمانی كوردستان یاسایی ژمارە 8 ی دەركردوە بۆ بنبڕكردنی ئەو دیاردەیە.
 ئەمڕۆ 8/ 2/ 2015 بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی داكۆكیار لە مافی ئافرەتان و رێكخراوی وادی ئەڵمانی ( رێكخراوی مافی مرۆڤی ناحكومی ئەڵمانی لە كوردستانی عێراق ) لە ساڵڕۆژی یادی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەكردنی مێینە كۆنفرانسێكی فراوانیان بە ئامادە بونی نوێنەری یونسێف و ئەنجومەنی باڵای خانمان و كونسوڵخانەی ئیتاڵیا و 6 رێكخراوی تایبەت بە پرسی خەتەنەكردن لە هۆڵی پەناگیری پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا .
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان